دەستبەسەر کردنی دوو لاوی کورد لە ناوچەی هەورامانی تەخت

12:44 - 11 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران، دوو لاوی کوردیان لە یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی هەورامانی تەخت سەر بە شاری مەریوان دەسبەسەر کردووە.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پێنجشەممەی حەتووی ڕابردوو، دوو لاوی خەڵکی گوندی \"سلێن\" لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتییەوە دەسبەسەر کراون.

هەواڵنێری کوردپا لە ناوچەی هەورامان، شوناسی ئەو دوو لاوە کوردەی بە ناوەکانی \"حەمید ئەدوایی و محەممەد ئەدوایی\" خەڵکی گوندی سلێن ڕاگەیاندووە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت: هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ هیچ هۆکارێک ئەو دوو لاوە کوردەیان دەسبەسەر و ڕەوانەی ئیداری ئیتلاعاتی شاری مەریوان کراون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی بۆ ئاژانسی کوردپا خستەڕوو، شەوی ڕابردوو، هێزە ئیتلاعاتییەکان هاتبوونە سەر گوندی سلێن و چاوەدێری خەڵکی ئەو گوندەیان دەکرد.

بە وتەی ئەوە سەڕچاوەیە، گوندی سلێن لە ناوچەی هەورامان لە دۆخێکی ئەمنییەتیی تونددا بووە و ئەگەری دەسبەسەر کردنی کەسانی دیکە لە ئارا دایە.

لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا، هێزە ئەمنییەتیی و ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شارەکانی مەهاباد، سنە، سەقز، جوانڕۆ، بانە، کامیاران و ساین قەڵا ژمارەیەک لە هاووڵاتییانیان لە پەیوەندیی لەگەڵ پشتیوانی لە ڕێفراندۆم بۆ سەر بە خۆی کوردستان دەسبەسەر کردووە.

وێنـە: محەممەد ئەدوایی