دەستبەسەر کردنی دوو شارۆمەندی خەڵکی شووش

17:11 - 29 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: دوو شارۆمەندی خەڵکی شووش لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی جۆزەردانەوە بە دەستی هێزە حکوومەتییەکان قۆڵبەست و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، \"ڕەسووڵ سەلیمی(کەعبی)\" مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵ و \"ناجی سەلیمی\" باوکی ئەم مێرمنداڵە کە خەڵکی ناوچەی شووشن، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو بە دەستی هێزە ئەمنیەتییەکانی سەر بە حکوومەتی ئیران گیراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

هەواڵنێریی هێرنا بڵاوی کردووەتەوە کە، هێزەکانی بەڕێوەبردنی ئەمنییەت و زانیاریی شووش، هاوکات لەگەڵ هێزە ئینتزامییەکان، بە هێرش بردن بۆسەر گوندی \"بێت مەحمید\" سەر بە شاری شووش، دوو کەس لە شارۆمەندانی عەرەبیان قۆڵبەست کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم ڕووداوە ڕایگەیاندووە کە؛ هێزە ئەمنیەتییەکان دوو جار هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەم گوندە، کە بۆ یەکەم جار ڕەسوول و بۆ جاری دووهەم باوکی ڕەسوولیان گرتووە.

جێی باسە باوکی ئەم مێرمنداڵە \"ناجی سەلیمی\"، لە ساڵی ٨٧دا لە لایەن ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئەم شارەوە بۆ ماوی ٤ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاوە.

هەر لەم بابەتەدا، ڕۆژی پێنج‌شەممە، ڕێکەوتی ٢٧ی جۆزەردان، ڕۆژنامەی \"ئێران\" بڵاوی کردووەتەوە کە \"نادر شەریفی\" گەنجێکی خەڵکی ئابادان، لە ژێر لێدان و ئەشکەنجەی هێزە ئینتزامییەکانی ئەم شارە‌دا، گیانی خۆی لەدەست داوە، بەڵام فەرماندەی ئینتزامیی شاری ئابادان ئەم ڕووداوەی بە درۆ ناو بردووە و ڕایگەیاندووە کە هیچ ئاسەوارێکی ئەشکەنجە یان لێدان لەسەر جەستەی ئەم گەنجە نەبووە.