دەستبەسەر کردنی خوێندکارێک لە شاری ورمێ لە لایەن ‌هێزە ئەمنیەتییەکانەوە

15:08 - 12 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: شوناسی یەکێکی دیکە لە دەستبەسەرکراوەکانی ئەم دوایانەی کوردستان ڕوون ببووەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆتایی حەتووی ڕابردوو ٨ی ڕەزبەر، هێزە ئەمنیەتییەکانی شاری ورمێ لە گوندی\"زێوە\" سەر بە بەخشی سیلوانا، لاوێکی خوێندکاریان دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگواست.

ناسنامەی ئەو لاوە تەمەن ٢٣ ساڵە بە ناوی محەممەد ئیحسانی کوڕی عەلی خوێندکاری بەشی ماف لە زانکۆی ورمێ ڕاگەیەنراوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری ورمێ ڕایگەیاند: محەممەد پاش گەڕانەوە بۆ ماڵی باوکی لە گوندی زێوە، بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ ‌هێرشی هێزە ئەمنیەتییەکان بۆ سەر ئەو خوێندکارە بەرەوڕوو بووە.

\"محمد
محەممەد ئیحسانی
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئەمنیەتییەکان، ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان پشکنیوە و ‌هێندێ لە کەرەستە و وەسایلی شەخسی محەممەد ئێحسانی وەک لەپ تاب و کتێبی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە تۆمەتی وەپاڵدراو و شوێنی ڕاگرتنی ئەو خوێندکارە کوردە هێچ زانیارییەک لە بەردەستدا نیە.

پێشتریش باوک و برایەکی محەممەد بەناوی موراد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی ماوەیک لە زیندان دابوون.

هاوکات لەگەڵ دەستبەسەر کردنی محەممەد، لانیکەم سێ هاووڵاتیی دیکەی کورد لە شاری مەهاباد لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر دەکرێن.

ڕۆژی ڕابردوو ئاژانسی کوردپا هەواڵی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییەکی دیکەی کورد لە شاری شنۆ بە ناوی ڕزگار ئەمینی بڵاوکردوە.

هاوکات لەگەڵ گرتن و دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد، دەزگای قەزایی سزای قورسی بۆ چەندین هاووڵاتیی شاری شنۆ بڕیبووە.

پێشتریش و لەو پەیوەندییەدا، هەواڵنێری کوردپا لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە ٥٩ ساڵ زیندانی بۆ ٨ هاووڵاتیی، خەڵکی شارەکانی شنۆ، بانە، ورمێ و بۆکان کردبوو.

قۆڵبەست کردن و بڕێنەوەی سزای قورس بۆ هاووڵاتییانی کورد هاوکاتە لەگەڵ لێدوانی وەزیری ئیتلاعات کە گوتبووی:\"هەڵسووکەتی جۆراوجۆر لەگەڵ تاوانباران لە ئەستۆی دەزگای قەزایی ئێران\" دایە.

چالاکانی سیاسی و مەدەنی بەردەوام دەزگای قەزاییان وەکوو ناوەندێکی ناسەربەخۆ و لە ژێر چاوەدێری کەسانی ئەمنیەتی ناساندوو و چاویان لێ کردوە.