دەستبەسەر کردنی خوێندکاران لە کوردستان بەردەوامە

19:38 - 8 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی گوشار بۆ سەر خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی ئێران، خوێندکارێکی کورد لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە سپا لە شاری مەهاباد، دەستبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"ئارەش موکری\" کوڕی سەعید، ڕۆژی پێنج‏شەممە ڕێکەوتی ٦ی ڕەشەمە، لە لایەن مەئموورانی سپا لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کرا.

ئارەش خوێندکاری بەشی کارناسیی زانکۆی تەورێزە.

\"29651.jpg\"
ئارەش موکری
هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەهاباد، لە ڕاپۆڕتێک‏دا ڕایگەیاند: \"هێزەکانی سەر بە سپا لەو شارە بەبێ حوکمی دادگا دەستیان داوەتە پشکنینی ماڵی ئارەش و هێندێک کەلوپەلی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە\".

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پەیوەندییەدا بە هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاند: \"هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپا ئەو خوێندکارە کوردەیان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە\".

ئەو سەرچاوە ئەوەشی خستەڕوو، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، هێزە ئیتلاعاتییەکان دووجار ئارەشیان بۆ ئەو ناوەندە سەربازییە بانگهێشت و، لێکۆڵینەوەیان لێ‏کردووە.

ئیتلاعاتی سپا ئەو خوێندکارە کوردەیان بە تۆمەتی \"هاوکاری و پەیوەندیی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\" تۆمەتبار کردووە.