دەستبەسەر کردن و هەڕەشەی ئیتلاعات لە بنەماڵەیەکی کورد لە شاری سەرپێڵی زەهاو

15:14 - 24 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری سەرپێڵی زەهاو گوشارێکی زۆریان خستووتە سەر بنەماڵەیەکی کوردی خەڵکی ئەو شارە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢١ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتی شاری سەرپێڵی زەهاو، کەسێکی خەڵکی ئەو شارەیان بە ناوی \"حەیدەر ئەلیاسی\" بۆ ماوەی دوو ڕۆژ دەستبەسەر کرد.

\"\"
میلاد ئەلیاسی
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: سەرەڕای دەستبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، داوایان لە بنەماڵەی ئەلیاسی کردووە، کە کوڕەکەیان بگەڕێتەوە بۆ شاری سەرپێڵی زەهاو.

ئەو سەرچاوە هەروەها ئەوەشی خستووەتە ڕوو، مەئموورانی هێزە ئیتلاعاتییەکان، بێڕیزیەکی زۆریان بە بنەماڵەی حەیدەر ئەلیاسی بە تایبەتی خیزانی ناوبراو کردووە.

ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا باسی ئەوەشی کرد کە، ئەو بنەماڵەیە (حەیدەر ئەلیاسی و خێزانی) دەبێ هەموو حەوتوویەک سەردانی ئیدارەی ئیتلاعات بکەن.

هەواڵنێری کوردپا لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاند: یەکێک لە کوڕەکانی حەیدەر ئەلیاسی ماوەی چوار مانگە بە تۆمەتی لێدوان لە سەر یەکێک لە حیزبە کوردییەکان، بێسەر و شوێنە.

هەرلەوە پەیوەندییەدا، یەکێک لە کوڕەکانی ئەو بنەماڵەیەبە ناوی \"میلاد ئەلیاسی\" ماوەی چوار مانگە لە زیندانی \"دێزڵئاوی\" شاری کرماشان لە زیندان دایە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڕەشەی ئەوەیان لەو بنەماڵەیە کردووە، لە ئەگەری نەگەڕانەوە کوڕەکەیان، حەیدەر ئەلیاسی دەستبەسەر دەکەن.