دەستبەسەر کردن و لێپرسینەوە لە چالاکانی خوێندکاری کورد لە مەریوان

12:27 - 6 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: سێ چالاکی خوێندکاریی کوردی خەڵکی مەریوان لەلایەن ئیتلاعاتی سپای ئەو شارەوە دەستبەسەر کران و دوو کەسیان پاش ٧ کاتژمێر لێکۆڵینەوە، ئازاد کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی شەممە رێکەوتی٥ی رێبەندان دانا لەنجاوایی چالاکی خوێندکاری و مافی مرۆڤ لە شاری مەریوان، لە دووکانەکەی خۆی لە فەلەکەی بەورەشی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.

\"18050.jpg\"
ئارەش مەوڵوودی و هێمن بیگلەری،بۆ ماوەی ٧ کاتژمێر لێپرسینەوەیان لێکرا
دواتر دوو چالاکی خوێندکاری بەناوەکانی ئارەش مەوڵوودی و هێمن بیگلەری، کاتژمێر ٧ی ئێوارێ، پاش ئەوەی لەسەر داوای ئیتلاعاتی سپا خۆیان بەو ناوەندە ئەمنییەکان ناساندبوو، بۆ ماوەی ٧ کاتژمێر لێپرسینەوەیان لێکرا.

ئەو دوو چالاکە خوێندکارییە، کە خوێندکاری زانکۆی ئازادی مەریوانن، کاتژمیر ٢ی نیوە شەو ئازاد کراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ ئەو سێ چالاکە بەهۆی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانی دژ بە لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسیی کورد، لە شاری مەریوان دەستبەسەر و بانگهێشت کراون.

دانا لەنجاوایی، کە کاتژمێر ٥ و نیوی ئێوارێ لە دووکانەکەی خۆی دەستبەسەر کراوە، هەتا ئیستا لە دەستبەسەریی هێزە ئەمنییەکاندا ماوەتەوە و چارەنووسیشی ناڕوونە.

\"18052.jpg\"
دانا هەتا ئیستا لە دەستبەسەریی هێزە ئەمنییەکاندا ماوەتەوە و چارەنووسیشی ناڕوونە
ئەو چالاکەی مافی مرۆڤییە ساڵی رابردوو لەسەر بڕیاری راستەخۆی وەزارەتی ئیتلاعات هاوڕێ لەگەڵ عەز‌یز تازیک و ژیار سڵامه‌تیان لە زانکۆی پەیام‌نووری مەریوانەوە بۆ زانکۆی پەیام نووری سنە دوور خرایەوە.

دانا لەنجاوایی بەهۆی چالاکییەکانییەوە، لە مانگی بانەمەڕی ١٣٨٩ی هەتاویدا لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەریوانەوە بە ٥ ساڵ زیندانی تەعلیقی حوکم درابوو.