دەستبەسەر کردن دوو هاووڵاتیی کورد لە شاری بانە

13:45 - 7 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، هێزە ئەمنییەتییەکان دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری بانەیان دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری بانە دوو هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەیان لە کاتی شایی و خۆشی دەربڕینی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەستبەسەر کرد.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بانە شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییە بە ناوەکانی \"مەنسوور ئەسراری\" تەمەن ٦٠ و \"سروش محەممەدی\" ڕاگەیاندووە.

بە پێی وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە کاتی شایی و خۆشی سەرکەوتنی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراون.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە کاتی شایی و خۆشی سەرکەوتنی ڕێفراندۆم لە لایەن ناوەندە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران دەستبەسەر و هەروەها چارەنووسی هێندێک لە دەستبەسەر کراوەکان هەتا کاتی بڵاوبونەوەی ئەم هەواڵە، ناڕوونە.

پاش بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان، هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی و هەڵپەڕکێ، شایی و خۆشی لە شەقامەکان بە نیسبەت بەڕێوەچوونی ئەم گشتپرسییە خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بوو، کە لەگەڵ هەڵسوکەوتی توندی هێزە ئەمنییەتییەکان بەرەوڕوو بوونەتەوە.