دەستبەسەر کراوەکانی شاری کامیاران گەیشتە شەش کەس

21:43 - 2 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی چوار ڕۆژدا، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامیاران شەش هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەیان بانگهێشت و دەستبەسەر کرد و هەتا ئێستا چوار کەس لە دەستبەسەر کراوەکان شوێنی ڕاگیرانیان ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە رێکەوتی ١ی پووشپەڕ، دوو ژنە هاووڵاتیی کامیارانی لە پەیوەندیی لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانی کرێکار لەو شارە بانگهێشتی ناوەندە ئەمنیەتییەکان کراون.

\"\"شوناسی ئەو دوو ژنە هاووڵاتییە بە ناوەکانی ،\"شوعلە گودەرزی\" تەمەن ٢٦ ساڵە و کچی عەبدووڵا و هاوژینی نیزام سادقی، چالاکی کرێکاری و ئەندامی\"کومیتەی هاوکاری بۆ یارمەتیدانی و پێکهێنانی ڕێکخراوی کارێکاری\"،\" ڕۆژین ئیبراهیمی\" تەمەن ٢٤ ساڵە کچی سەعید، ڕاگەیەنراوە.

ئەو دوو ژنە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگیراو بوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئیدارەی ئیتلاعات بە ڕۆژین و شوعلەیان ڕاگەیاندووە، دەبێ ڕۆژی سێ شەممە دووبارە بۆ لێپرسینەوە سەردانی ئەو ناوەندە بکەن.

\"\"ڕۆژی ٢٩ی بانەمەڕ کاتژمێر ١٠ی بەیانی هێزە ئەمنیەتییەکانی شاری کامیاران، شاهۆ سادقی تەمەن ٢٨ ساڵە و خوێندکاری زانکۆی پەیام نووری شاری سنەیان دەستبەسەر و ڕۆژی دوایی هەر یەک لە ئومید ئەحمەدی تەمەن ٢٦ ساڵە، مێهرداد سەبووری تەمەن ٢٧ ساڵە و ئارام محەممەدی تەمەن ٢٥ ساڵەشیان دەستبەسەر کرد.

بە پشتبەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ساڵی ڕابردوو هەتا ئێستا ٣٦ کرێکاری کورد دەستبەسەر ٢١ کەس زیندانی و ١٥ کەسی دیکە بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کراون.