دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییەکی کورد لەشاری شنۆ + وێنـــه

16:20 - 8 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: باوکی چالاکێکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری شنۆ و نیشتەجێی دەرەوەی وڵات لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ سێ‌شەممە رێکەوتی ٨ گەلاوێژ \"ئەبووبەکر مەعرووفی\" باوکی چالاکێکی سیاسیی کوردی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات، لەشاری شنۆ دەستبەسەر کرا.

\"14276.jpg\"
هیوا مەعرووفی،چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری شنۆ
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەبووبەکر مەعرووفی باوکی چالاکی سیاسیی کورد هیوا مەعرووفی، لەماوەی چەند مانگی رابردوودا چەندین جار لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و لێپرسینەوەی لێکراوە.

هیوا مەعرووفی چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری شنۆ چەند مانگ پێش ئێستا بەهۆی فشاری هێــزە ئیتلاعاتییەکانەوە بەناچاری زێدی خۆی بەجێهێشت و رووی لە دەرەوەی وڵات کرد.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەماوەی ٤٠ رۆژی رابردوودا ٣٨ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێــزە ئیتلاعاتییەکانەوە لەناوچە کوردنشینەکانی ئێــران دەستبەسەر کراون.

ئەو ئامارە رێــژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بەسەرنجدان بە دۆخی ئەمنیەتیی ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران و نەبوونی میدیای ئازاد بۆ رووماڵ کردنی هەواڵەکان، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.