دەستبەسەر کرانی ٣٦ هاووڵاتیی کورد لە شاری سەوڵاوا

14:51 - 16 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ١٥ رۆژی رابردوودا ٣٦ هاووڵاتیی کوردیان لە شاری سەوڵاوا دەستبەسەر کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ١٥ رۆژی رابردوودا ٣٦ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سەوڵاوا و گوندەکانی دەوروبەری، لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبیانووی نەچوونە سەربازی (مشمولین غایب) دەستبەسەر کراون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە سەرجەم ئەو کەسانە لەدەستبەسەریی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا ماونەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بەهەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەگەری ئەوە دەکرێ کە سەرجەم ئەو کەسانە رادەستی دادگاکانی نیزامیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بکرێن.

هەروەها لە کۆتایی مانگی رێبەندانی ساڵی ١٣٩١یشدا، هێزە نیزامییەکان هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی \"مووسک\"ی سەربە شاری \"سەوڵاوا\"یان بەناوی \"سیروان محەممەدی\"، کوڕی کەریم، بەبیانووی هەڵاتن لە سەربازی دەستبەسەر و بۆ ئوستانی کرماشان راگواستبوو.

لەلایەکی دیکەوە و بەپێی بەندی ٢ی ماددەی ٥٨ی ئایین نامەی ئیجرایی یاساکانی سەربازی، هەر کەسێک کەلە کاتی خۆیدا نەچێتە سەربازی، سەرەڕای ئەوەی کە ٦ مانگی سەربازیی زۆرەملێیان پێ ئەدرێت، هاوکات لە \"دادگای نیزامی\"شدا دادگایی دەکرێن.