دەستبەسەر کرانی سێ هاووڵاتی لە شارەکانی شنۆ و مەهاباد

15:17 - 18 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی خەڵکی ناوچەی شنۆ، پاش ئەوەی لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە درانە بەر دەستڕێژی گولـلە، چارەنووسیان بە ناروونی ماوەتەوە.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی پێنج‌شەممە دوو کەس بەناوەکانی \"میکاییل دەربەندی و ئیدریس دەربەندی کە لە ناوچەی سەردەشت لەلایەن ‌هێزە نیزامییەکانەوە دراونەتە بەر دەستڕێژی گولـلە ، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییە، هیچ زانیارییەک لە چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

دەگوترێت کە ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی گوندی \"جاشێران\"ی ناوچەی شنۆ لە نێو ماشێنەکەی خۆیاندا و بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ، لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە تەقەیان لێکراوە.

لەلایەکی دیکەوە شەوی رابردوو هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی \" موراد ئیسماعیلی\" خەڵکی گەڕەکی \"پشت تەپ\"ی شاری مەهاباد لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی شایەتحاڵان، \"هێـزە نیزامییەکان بە بیانووی هەبوونی کەلوپەلی قاچاخ ویستوویانە ماڵی موراد ئیسماعیلی بپشکنن، بەڵام ناوبراو رێگری لە پشکنینی ماڵەکەی کردووە و لە ئەنجامدا شەڕ و تێکهەچوون لە نێوان هێزە نیزامییەکان و هاووڵاتییانی ئەو گەڕەکەدا رووی داوە\".

دەگوترێت کە ئەو تێکهەڵچوونە لە درنگانی ئێوارێی رۆژی پێنج‌شەممە وە هەتا کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانی رۆژی هەینی بەردەوام بووە لە ئەنجامدا \"موراد ئیسماعیلی\" لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کراوە و هەتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.

چالاکانی سیاسی لەو باوەڕەدان لەپاش هاتنەسەر کاری \"حەسەن رۆحانی\"یەوە زەخت و فشاری هێزە ئیتلاعاتی و نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر هاووڵاتییان رۆژ لەدوای رۆژ روو لە زیادبوون کردووە.