دەست لەکار کشانەوە ئەندامانی شۆرا و دێهیارییەکانی ناوچەی خاومیرئاوای مەریوان

16:23 - 11 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: ئەندامانی شۆرا و دێهیارییەکانی ناوچەی \"خاومیرئاوا\"ی شاری مەریوان، لە نامەیەکدا بەکۆمەڵ دەستیان لە کار کێشاوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژ، ژمارەیەک لە ئەندامانی شۆرا و هەروەها دێهیارەکانی گوندەکانی ناوچەی \"خاومیرئاوا\"ی شاری مەریوان، بە هۆی کێشەی و گرفتی کارتی ئێلێکترۆنیکیی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە و بێبەشبوون لە قازانجی ئاڵوگۆڕی شتومەکی سەر سنوور دەستیان لە کار کێشاوە.

لەو نامەیەدا، کە ٢١ کەس لە ئەندامانی شۆرا و دێهیارەکانی گوندەکانی ناوچەی \"خاومیرئاوا\"ی مەریوان کە واژۆیان کردووە، هاتووە: \"ئێمە واژۆکەرانی ئەم نامەیە، ئەندامانی شۆرا و دێهیارەکانی بەخشی خاومیرئاوا، بە سرنجدان بەوەی کە کارتی ئێلێکترۆنیی ژمارەیەک لە دانیشتووانی گوندەکانی ئەو بەخشە بە هۆکارگەلێک تووشی گرفت بوون و لە قازانجی شتومەکی سەر سنووری بێبەشن و هەروەها بە سرنجدان بە بەدواداچوونە بەردەوامەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، چارەسەرنەبوونی کێشەکان هەتا ئێستا، دەست لەکار دەکێشین\".

٢١ کەس لە ئەندامەکانی شۆرا و دێهیارەکان لەو نامەیەدا پێداگریان لەسەر ئەوە کردووە، کە \"بەپێی ئەوەی کە ئەو ڕەوتە بۆ دێهیار و شۆراکان لە ئیدارەکردنی گوندەکان کێشەی و گرفت دروست دەکات و بەرێوەبردنی گوندەکان لەو بەخشەدا خەوشدار دەبێت، هەتا جێبەجێ نەکردن داواکاری دانیشتووانی گوندەکان بە شێوەی عادڵانە لە داهاتی ئاڵوگۆڕی سنوور، دەست لە کار کشانەوەی خۆمان ڕادەگەیەنین\".

هەتا کاتی بڵاوبوونەوە ئەم هەواڵە، ناوەندە پەیوەندییدارەکانی حکوومەتی بە دەست لەکار کشانەوەی بەکۆمەڵی دێهیار و شۆراکانی ناوچەی \"خاومیرئاوا\" هیچ دژکردەیەکیان لە خۆ نیشان نەداوە.