دەسبەسەریی سەرلەنوێی چالاکێکی مەدەنیی کورد لە شاری سنە

13:25 - 12 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزاییی حکوومەتی ئێران، حوکمی زیندانی چالاکێکی مەدەنیی کوردی خەڵکی سنەی، هەتا کۆتاییهاتنی ڕەوتی قەزاییی دۆسییەکەی دەرکرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی سەرماوەز، \"سەحەر کازمی\" چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی سنە، پاش بانگهێشتی بۆ دادگوستەریی شاری سنە، دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتووخانە کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چالاکە مەدەنییە، بە مەبەستی کۆتاییی ڕەوتی قەزاییی دۆسییەکەی بانگهێشتی دادگا کرابوو، کە حوکمی زیندانیکردنی دووبارەی دەرکراوە.

ئەم سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد، کە بەرپرسانی دادگا ڕایانگەیاندووە، هەتا کاتێک ڕەوتی قەزاییی دۆسییەکەی کۆتایی پێ نەیت، لە زیندان ئازاد ناکرێت.

ڕۆژی شەممە ٣ی سەرماوەز، سەحەر کازمی چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی سنە، کە ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو، بە شێوە کاتی ئازاد کرا.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی گەلاوێژی ئەمساڵ، هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هەڵکوتاونەتە سەر ماڵی کەسیی سەحەر کازمی و پاش پشکنینی کەلوپەلی نێو ماڵەکەی، ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بردووە.

ئەم چالاکە مەدەنییە لە ماوەی دەسبەسەریدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

شایانی باسە، هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی خەزەڵوەر، \"مادێح فەتحی\" هاوژینی سەحەر کازمی چالاکی مەدەنیی و دایکی ناوبراویش پاش بانگهێشتکردنیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعات دەسبەسەر کراون.