دەسبەسەری و لێپرسینەوە لە بنەماڵەی سوحبەتوڵڵا ئومیدی لە شاهیدەکانی دادگای نێونەتەوەیی خەڵکیی خەزەڵوەر

10:53 - 11 رەشەمه 2721

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەتییەکان لە شاری کرماشان هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەندامانی بنەماڵەی "سوحبەتوڵڵا ئومیدی" لە شاهیدەکانی دادگای نێونەتەوەیی خەڵکیی "خەزەڵوەر" و دەستیان بە پشکنینی ماڵیان و لێپرسینەوە لە ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە کردبوو.

سوحبەتوڵڵا ئومیدی لە وتووژێک لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: "هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی براکانم و دەستیان بە پشکینی ماڵەکانیان و هەروەها لێپرسینەوەیان لەگەڵ خۆیشیان کردبوو".

ناوبراو وتیشی: "چەند کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەم بۆ ماوەی چەند ڕۆژ دەسبەسەر و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرابوو|.

سوحبەتوڵڵا زیادی کرد: "پاش هەڵاتن لە ئێران و شاهیدیدان لە دادگای نێونەتەوەیی خەڵکی لە مانگی خەزەڵوەر، گوشار بۆ سەر ئەندامانی بنەماڵەکەمان زیادی کردووە".

سوحبەتوڵڵا ئومیدی هاووڵاتیی کوردی کرماشانی وەکوو ١٧٥ـەمین شاهید لە دادگای نێونەتەوەیی خەڵکی لە پەیوەندی لەگەڵ دەسبەسەرکردنی خۆی و کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ لە کرماشان، لەو دادگاییەدا شاهیدیی دابوو.

ئەو هاووڵاتییە ڕێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨، لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەر لە کاتێکدا بریندار ببوو، لە ماڵی یەکێک لە هاوڕێیانی لە شاری کرماشان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ناوبراو ڕێکەوتی ٦ی بەفرانباری ساڵی ٩٨، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی دێزڵاوای شاری کرماشان ڕاگوێزرابوو و ڕێکەوتی ٩ی بەفرانباری هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی هەتا کاتیی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.

کۆبووەنەوەی دادگاییکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە ڕێکەوتی ٢٤ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٨، لە لقی سێی دادگای ئینقلابی شاری کرماشان بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەسەدی" بەڕێوە چوو و ناوبراو بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری و بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئەمنییەتی وڵات" بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

حوکمی دادگا دژی سوحبەتوڵڵا ئومیدی مانگی خەرمانانی ئەمساڵ، لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کرماشان بە فەرمی پشتڕاست کرابووەوە.

سوحبەتوڵڵا ئومیدی زستانی ساڵی ٩٨، لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکان زێدی خۆی بەجێ هێشت وهەنووکە لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێی ئێران نیشتەجێیە.