دەسبەسەری و ئازار و ئەشکەنجەی هاووڵاتییەک لە سنە

18:42 - 13 خەرمانان 2722

ڕۆژی هەینی ١١ی خەرمانان، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بەکاربردنی توندتیژی لەگەڵ لێدان، هەوڵی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی کوردیان بە ناوی "مادیح مورادی" کوڕی عارف خەڵکی گوندی "سەرهۆیە"ی شاری سنەیان، دابوو.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان لە ڕێگای تەلەفوونەوە ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بانگهێشت و دواتر لە گوندی "هۆیە"ی شاری سنە، بەبێ بەڵگەی یاسایی، لەگەڵ لێدان و ئازار و ئەشکەنجە، ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: ئەو هاووڵاتییە پاش دەسبەسەری بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە و لە چارەنووسی ناوبراو هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا، نییە.

مادیح مورادی ١٤ی بەفرانباری ساڵی ٩٨، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش دوو مانگ لە دەسبەسەری لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنە، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

مادیح مورادی خێزاندار و باوکی منداڵێکە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری گرتن و تۆمەتی دژی ئەو هاووڵاتییە، زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.