دەسبەسەرکردنی ئەندامێکی پێشووی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان

22:19 - 5 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: ئەندامێکی پێشووی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران، پاش خۆڕادەستی کردنی به ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پاوە، چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەندامێکی پێشووی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران بە ناوی \"پووپا ڕەسووڵی\" تەمەن ٢٥ ساڵ کوڕی عێزەت، پاش خۆڕادەست کردنەوەی بۆ ئێران بە ئەماننامەی ئیدارەی ئیتلاعات، چارەنووسی ناڕوونە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو باریەوە بە ئاژانسی کوردپا رایگەیاند: \"ئەو لاوە کوردە، ئەندامی پێشووی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران بووە که پاش خۆڕادەستی بۆ ئێران بە ئەماننامە، لە لایەن سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر دەکریت و هەنووکە لە زیندانی دیزڵئاوای شاری کرماشان دایە\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: \"بنەماڵەی ئەو لاوە کوردە، لە هەوڵی گوازتنەوەی کوڕەکەیاندا، لە زیندانی دیزڵئاوای شاری کرماشان بۆ زیندان پاوە دابوون، بەڵام بەرپرسانی زیندانی دێزڵئاوای شاری کرماشان ڕایگەیاندووە، زیندانی پاوە بۆ شوێنی ڕاگرتنی زیندانیانی سیاسی نابێت\".

ئەو سەرجاوەیە هەرووەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەو لاوە کوردە، بە بێ دادگایی‌کردن لە زیندانی دێزڵئاوای شاری کرماشان زیندانی کراوە.

سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو به ئاژانسی کوردپای ڕایگەیاند: سپای پاسداران داوای ئەماننامە لەو بنەماڵەیە دەکات و بنەماڵەی ڕەسووڵی ڕایانگەیاندووە ئێمە ئەماننامەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پاوەمان هەیە و سپای پاسداران قەبووڵی نەکردووە.