دەسبەسەرکردنی یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی چالاکێکی سیاسی لە سەلاسی‌ باوەجانی

13:37 - 28 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە ناوچەی سەلاسی باوەجانی، پاش هەڕەشە و هێرش بۆ سەر بنەماڵەی چالاکێکی سیاسیی کورد، یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ١١ ڕۆژ پێش، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"سالار ئەحمەدی\"، تەمەن ٣٠ ساڵ کوڕی حوسێن، خەڵکی ناوچەی سەلاسی باوجانی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر کراوە و هەتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری جوانرۆ بە هەواڵنێری کوردپا، ڕایگەیاند: سەرەڕای ١١ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی ئەو لاوە کوردە و هەوڵەکانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان، هەتا ئێستا بێ‌ئاکام ماوەتەوە.

\"\"ئەو سەرچاوەیە هۆکاری دەسبەسەر کرانی ئەو هاووڵاتییەی بۆ چالاکیی سیاسی براکەی لە دەرەوەی وڵات گەڕاندەوە و ڕایگەیاند: \"یەکێک لە کوڕەکانی بنەماڵەی ئەحمەدی بە ناوی \"ستار ئەحمەدی\" لە وڵاتی سوئید نیشتەجێیە و پاش چوون بۆ وڵاتی دانمارک و بەردەرگای باڵوێزخانەی ئێران لەو وڵاتە، هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڕەشەیان لەو بنەماڵەیە کردووە ئەگەر کوڕەکەیان لەسەر چالاکیی سیاسی بەردەوام بێت، ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە دەسبەسەر دەکەن.\"

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، پاش چەندین جار ‌هەڕەشە و هێرشکردن بۆ سەر ماڵی باوکی ئەو هاووڵاتییە کوردە، هێزە ئیتلاعاتییەکان داوایان لە بنەماڵەی کردووە لە ئەگەری نەهێناوە یان بەردەوامبوونی کوڕەکەیان لەسەر چالاکیی سیاسی، بۆ هەتا هەتایە، سالار لە زینداندا دەبێت.

سەرچاوەکەی هەروەها دەڵێت: بنەماڵەی ئەحمەدی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان چەندین جار سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی جوانڕۆ و کرماشانیان کردووە و هەر یەکێک لەو ناوەندە حکوومەتییانە، وڵامێکی ڕوونیان لەسەر چارەنووسی کوڕەکیان بەو بنەماڵەیە نەداوە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان بە بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان، هەتا کاتی ڕادەستکردنی کوڕەکەتان، سالار وەکوو بارمتە ڕادەگرین.