دەسبەسەرکردنی ژمارەیەک لە چالاکانی کرێکاریی و مەدەنیی شاری سنە

14:46 - 31 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنییەتییەکان، ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی و کرێکاریی خەڵکی شاری سنە کە خوازیاری لەسێدارە نەدانی ڕامین حوسێن‌پەناهین، دەسبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو ٣٠ی جۆزەردان، بە هۆی ئەگەری لەناکاوی لەسێدارەدانی ڕامین حوسێن‌پەناهی، لە لایەن بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری سنە، ژمارەیەک لە چالاکانی کرێکاریی و مەدەنی بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە ناوبراو، لە بەردەم زیندانی ناوەندیی ئەو شارە کۆ بوونەوە، چەند کەسێک لە چالاکانی مەدەنی و کرێکاریی لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتییەوە دەسبەسەر کران.

لە ناو چالاکانی دەسبەسەرکراوی کرێکاریی و مەدەنی لە شاری سنەدا، \"لوتفوڵلا ئەحمەدی\"، \"ڕەفیق کەریمی\" و \"سەید خالید حوسێنی\" بەرچاو دەکەوێت.

دەسبەسەرکردنی چالاکانی کرێکاریی و مەدەنیی شاری سنە، لە پشتیوانی لە ئێعدام نەکردنی ڕامین حوسێن‌پەناهی، زیندانیی سیاسیی کورد مەحکووم بە ئێعدام بووە.

دەوترێ، ژمارەی دەسبەسەرکراوەکانی چالاکانی کرێکاریی و مەدەنیی شاری سنە لەوە زیاترن، بەڵام تەنیا ناوی سێ لەو دەسبەسەرکراوانە بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون بووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە و لە هەمان کاتدا، پاش دۆڕاندنی تیمی میللی ئێران لە یاری تۆپیپێ بە تیمی میللیی ئیسپانیا، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی خەڵکی شاری سنە ڕژانە ناو شەقامەکان و دەستیان کرد بە شای و خۆشی.

ئەو هاووڵاتییانە بە دروشمی \"نا بۆ لە سێدارەدانی ڕامین حوسێن‌پەناهی\" و \" ئێمە پشتیوانی ڕامین حوسێن‌پەناهین\" پشتیوانییان لە ئێعدام نەکردنی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە دەربڕیوە.