دەسبەسەرکردنی چەند هاووڵاتیی شنۆ و ئازاردانی هاووڵاتییانی ناوچەی مەرگەوەڕ

14:53 - 17 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: چەند هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ، کە بۆ کۆکردنەوەی گژ و گیای بەهاری ڕوویان لە شاخەکانی شاری پیرانشار کردبوو، لە لایەن یەگانی حیفازەتی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکان، دەسبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ١٦ی بانەمەڕ، چەند هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ، لە شاخەکانی شاری پیرانشاردا، لە لایەن یەگانی حیفازەتی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی شاری پیرانشارەوە، دەسبەسەر و ڕەوانەی پاسگای ئەو شارە کراون.

\"عەلی ڕەمەزان‌پوور\"، بەرپرسی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی شاری پیرانشار، ڕایگەیاند: دەسبەسەرکردنی ئەو چەند کەسە، لە ڕاستای پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان و کۆنتڕۆڵی لەڕادەبەدەری هەڵکەندنی گیای بەهاری بووە و ئەو چەند کەسە بە چەند تەلیس گیای بەهارییەوە دەسبەسەر کراون.

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە هەروەها دەڵێت: ئەو چەند کەسە، بە مەبەستی تیجارەت، خەریکی کۆکردنەوەی گیای بەهاری لە دۆڵی \"گوێزان\" بوون و لە هەوڵی ڕەوانە کردنی بۆ شارەکانی شنۆ و ورمێ بوون، کە دەسبەسەر کراون.

لە لایەکی دیکەوە، هاووتییانی ناوچەی مەرگەوەڕ و هەروەها دانیشتووانی گوندی \"سیاوانێ\"ی شاری شنۆ، باسیان لەوە کرد کە هێزە ئیتلاعاتی و بەسیجییەکان، لە شاخەکانی ئەو ناوچەیە دەستیان بە ئازاردانی هاووڵاتییان کردووە.

ئەو هاووڵاتییانە هەروەها دەڵێن، هێزە ئیتلاعاتی و بەسیجییەکان، سەرەڕای ئازاردانی ئەو هاووڵاتییانە، پێیان ڕاگەیاندوون، ئێوە خەریکی گەیاندنی هەواڵ و یارمەتی بۆ حیزبە کوردییەکانی دژبەری شۆڕشن.

سەرچاوەی کوردپا هەروەها دەڵێت: هێزە ئیتلاعاتی و بەسیجییەکان هەڕەشەیان لە دانیشتووانی ئەو ناوچە و گوندانە کردووە، لە ئەگەری هەر جموجۆڵێکی گوماناوی، دەبێت ئێمە ئاگادار بکەن، ئەگەرنا لەگەڵ کێشەی قەزایی بەرەڕوو دەبنەوە و خۆیان بەرپرسیارن.