دەسبەسەرکردنی چالاکێکی کورد لە شاری سنە

14:49 - 1 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی کوردی خەڵکی شاری سنە، لە ماڵی باوکیدا، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕێبەندان، چالاکێکی کورد، بە ناوی \"ئەفشین شەیخولئیسلامی وەتەنی\"، خەڵکی شاری سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

نگین شەیخولئیسلامی وەتەنی، خۆشکی ئەم چالاکە کوردە، لەم پێوەندییەدا بە \"تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانـ\"ـی ڕاگەیاندووە: \"پێنج مەئموور بە حوکمی قەزاییی دەسبەسەرکردنی براکەم، هاتوونەتە ماڵەوە و پاش پشکنینی ماڵەکە، براکەمیان دەسبەسەر کردووە، بەڵام هێشتا نازانین مەئموورەکان سەر بە کام دامەزراوەی حکوومەتین. بەدواداچوونی بنەماڵەکەم لە دوو ڕۆژی ڕابردوودایشدا بۆ ئاگاداربوون لە شوێنی ڕاگیرانی براکەم بێئاکام بووە.

ناوبراو پێداگری کردووە: \"ئەفشین بۆ سەردان و پێڕاگەیشتن بە باوک و دایکم کە هەر دووکیان نەخۆشن لە ئامریکاوە بۆ ئێران گەڕاوەتەوە، هەرچەندە چەندین جار دەسبەسەر کراوە، بەڵام ساڵانێکە چالاکییەکی سیاسیی تایبەتی نەبووە.\"

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، ئەفشین شەیخولئیسلامی وەتەنی چەندین جار بە هۆی چالاکییەکانی بۆ ناوەندە ئیتلاعاتییەکان بانگهێشت و سێ جار دەسبەسەر کراوە.