دەسبەسەرکردنی چالاکانی کۆمەڵگەی کوردستان ناتوانی پێش لە داواکارییەکان بگرێت

10:31 - 26 رەشەمه 2719

سەرەڕای گوشار و دەسبەسەرکردنی چالاکانی مەدەنی، ژینگەیی، سیاسی و فەرهەنگیی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانەوە، ئەو ناوەندانەی حکوومەت نەیانتوانیوە پێش به داواکاری و مافەکانیان بگرن.

"ئازاد عەباسی"، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری دێولان، لە گرتە ڤیدیۆیەکەدا، بە خوێندنەوەی شێعرێکی نیشتمانی، کە لە کاتی دەسبەسەریدا، لە زیندان هۆنیوێتەوە ڕایگەیاندووە بە دەسبەسەرکردن و گوشار خستەسەر چالاکانی مەدەنی و ژینگەیی، بڕیار نییە لە مافە ڕەواکانی خۆمان و گەلەکەمان پاشگەز ببینەوە.

ئەو چالاکە مەدەنییە لە ئینیستاگرامی شەخسیی خۆی نووسیوویەتی، ئەو فیلمە بڕیار بوو هەر ئەو شەوه کە ئازاد بکرێم، بڵاوی بکەمە، بەڵام بە بۆنەی بەڕێک هۆکار دەستم ڕاگرت و دوایی فیلمێکی دیکەم گرت؛ کە لە پۆستێکی دیکەدا دایدەنێم.

ئەو چالاکە مەدەنییە هەروەها وتوویەتی: "هەستێک کە لەم کلیپە بووم پێم خۆشتر بوو چونکە دوای ئازادبوونم بوو".

پاش دەسبەسەرکردنی "سیرووس عەباسی" و "فەریدە"ی هاوژینی لە ڕۆژی شەممە ٢٤ی بەفرانبار، "ئازاد عەباسی" لە کاتی بەدواداچوون بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی براکەی و هاوژینەکەی، لە ئیدارەی ئیتلاعاتی دێولان لەگەڵ هەڵسووکەوتی نەشیاوی مەئموورانی ئیتلاعات بەرەڕوو بووەوە و دەسبەسەر کرا.

ئازاد عەباسی ڕۆژی ١٧ی ڕەشەمە، پاش تەواو کردنی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.