دەسبەسەرکردنی چالاکانی فەرهەنگی لە کرماشان درێژەی هەیە
ئاژانسی کوردپا: دوو چالاکی فەرهەنگیی دیکەی خەڵکی کرماشان، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ی سەرماوەز، دوو چالاکی فەرهەنگیی کورد بە ناوەکانی "فەرزاد سەفەرە و فواد موزەفەری"، خەڵکی کرماشان، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.
هێزە ئیتلاعاتییەکان بە هێرش کردنە سەر ماڵی ئەو دوو چالاکە مەدەنییە، ئەوانیان دەسبەسەر کردووە.
هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو دوو چالاکە فەرهەنگییە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
ئەو دوو چالاکە فەرهەنگییە، مانگی خەرمانانی ساڵی ٩٦، بەهۆی ڕێکخستنی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە هەمبەر کوژرانی کۆڵبەران لە پارکی منداڵانی ئەو شارە، لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە دەسبەسەر و دوای ١٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانیان بە دانانی بارمتە ئازاد کران.
"فەرزاد سەفەرە" شاعیر و "فواد موزەفەری" نووسەرە.
لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا، "ئاکۆ جەلیلیان"، "ئانیسا جەعفەری مێهر"، "سۆهراب و داریوش مورادی" و "ئەحمەد بەساتی"، لە چالاکانی فەرهەنگیی پارێزگای کرماشان، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.
هەروەها "ئانیسا جەعفەری مێهر" پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە، بە ئەستاندنی بەڵێننامە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران ئازاد کرا.