دەسبەسەرکردنی چالاکانی سێنفیی مامۆستایان لە سەقز بەردەوامە

17:30 - 26 جۆزەردان 2722

لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنی بەربڵاوی ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان- سەقز و زیویە، "زاهید مورادی، ئامانج ئەمینی و حوسێن محەممەدی"، لە ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، "ئامانج ئەمینی و حوسێن محەممەدی" ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٥ی جۆزەردان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "هێزە ئەمنییەتییەکان مۆبایلی هێندێک لە مامۆستایانیان لە کاتی فیلم هەڵگرتنەوە لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان، لە بەرانبەر ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی سەقز، لەگەڵ خۆیان بردبوو".

هەتا ئێستا ١٨ کەس لە چالاکانی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان- سەقز و زیویە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان- سەقز و زیویە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک پێداگرییان لەسەر مافە ڕەوا سێنفییەکانی فەرهەنگییان کردووەتەوە و خوازیاری ئازادکردنی مامۆستایانی دەسبەسەرکراو بوون.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: ئامانج ئەمینی، حوسێن محەممەدی و زاهید مورادی