دەسبەسەرکردنی هەشت چالاکی سێنفیی مامۆستایان لە سنە، سەقز و مەریوان
لە درێژەی دەسبەسەرکردنی چالاکانی سێنفیی مامۆستایان لە کوردستان، "بێهزاد قەوامی، تەحسین مستەفا، سەیوان سلێمانی، ئارام محەممەدی، ئارام قادری، ئیسماعیل ڕەیحانی، قادر یەسرابی و غەیاس نێعمەتی"، لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان، سنە و کەڵاتەرزان، سەقز و زیویە، دەسبەسەر کران.
بە دەسبەسەرکردنی ئەو ٨ کەسە، هەتا ئێستا ٣٢ چالاکی سێنفیی مامۆستایان لە شارەکانی سەقز، سنە، دیواندەرە و مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.
لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردانەوە، هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی سەرەتاسەریی مامۆستایان کە لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی جۆەردان بەڕێوە چوو، کەشێکی ئەمنییەتیی لە کوردستاندا زاڵ بووە و هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بە بانگهێشتکردن و دەسبەسەرکردنی دەیان مامۆستا لە شارەکانی سەقز و دیواندەرە، مەریوان و سنە کردووە.