دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی کورد لە کامیاران

14:08 - 10 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری کامیاران لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە کەوتە بەر لێدان و بێ‌حورمەتی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"محەممەد ڕەزایی\" تەمەن ٣٢ ساڵ، کوڕی خەلیل خەڵکی شاری کامیاران لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان بە بێ مۆڵەتی یاسایی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر و لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا ناوبراو کەوتووەتە بەر لێدان.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر کراوە.

لەم پێوەندییەشدا، ۆژی پێنجشەممە ٦ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \" باست محەممەدی\" کوڕی حەمەخان تەمەن ٣٢ ساڵ و خێزاندار خەڵکی گوندی \"دەرەبەیان\" سەر بە شاری پاوە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان بێ مۆڵەتی یاسایی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە.