دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی کورد لە شاری سنە

13:36 - 2 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سنە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"سەلمان عابدی\" خەڵکی شاری سنە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\"، دەسبەسەر کراوە.

ئەو سەرەچاوەیە هەروەها دەڵێت: هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ بەڵگەی قەزایی و لەگەڵ لێدانی ئەو هاووڵاتییە کوردە، ناوبرایان دەسبەسەر کردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی ئەو لاوە کوردە، لە بەردەستدا نییە.

لەو پەیوەندییەدا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"ئارام بەهرامی\" تەمەن ٣٠ ساڵ خەڵکی سەقز لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەسبەسەر کراوە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ نیشاندانی بەڵگەیی یاسایی ئەم هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە و لە چارەنووسی ناوبراو هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییه.