دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی کورد بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکان\"

14:56 - 6 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری پیرانشار لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ١ی سەرماوەز، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"تاهێر سۆفی\" تەمەن ٣٦ ساڵ خەڵکی گوندی \"گەرگۆلی خوار\"، سەر بە شاری پیرانشار لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش هێرش کردنە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە، ناوبراویان بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر کردووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش دەسبەسەرکرانی بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

چەند ڕۆژ پێش، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"حشمەت ئادمن\"تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی گوندی \"ئەسپەڕێز\" سەر بە دێهستانی \"پیرشالیار\"ی شاری سەوڵاوا، لە لایەن مەئموورانی ئیتلاعاتی سەر بە هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئیتلاعاتییەکان هۆکاری دەسبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" ڕاگەیاندووە و پاش دەسبەسەرکردنی، بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگواستووە.