دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی دیکەی کورد لە کامیاران

13:33 - 12 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری کامیاران لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"هادی کەمانگەر\" خەڵکی شاری کامیاران لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو و پاش دەسبەسەرداگرتن بە سەر کەلوپەلی شەخسیی ئەم هاووڵاتییە کوردە، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

هادی کەمانگەر یەکێک لە چالاکانی ژینگەپارێزیی شاری کامیارانە و هیچ زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری دەسبەسەرکردنی ناوبراو لە بەر دەستدا نییه.

لەم پێوەندییەشدا، هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە، دوو هاووڵاتیی دیکەی کورد، بە ناوەکانی \"فازڵ قەیتاسی\" و \"ڕەزا ئەسەدی\" لە شاری کامیاران لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.