دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەک لە شاری دیواندەرە

12:28 - 2 خەرمانان 2721

ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سلێمان گوڵی" تەمەن ٢٥ ساڵ و کوڕی "محەممەد سەلیم"، خەڵکی گوندی "عەلیاوای یاپەڵ" سەر بە شاری دیواندەرە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە گوندی "عەلیاوای یاپەڵ" و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە پەیوەندیی تەلەفۆنی، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و گرتنی پارێزەر بێبەری بووە.

سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی گوڵی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان، هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک بەو بنەماڵەیە خۆ دەبوێرن.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و شوێنی ڕاگیرانی ئەو هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.