دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستاندا بەردەوامە

14:42 - 30 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە، لاوێکی خەڵکی شاری بۆکان دەسبەسەر و ماوەی حەوتوویەکە چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەوتووی ڕابردوو، هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری بۆکانی سەر بە پارێزگای ورمێ، هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەیان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواست.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بۆکان، شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە ناوی \"مستەفا ڕەحیمی\" ڕاگەیاندووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە، هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و دەستیان بە سەر هەندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراودا، گرتووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەم هاووڵاتییە کوردە، پیشەی کتێبفرۆشی بووە و پاش دەسبەسەرکردنی، بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: \"ئەم هاووڵاتییە حەوتوویەکە دەسبەسەرە و وێڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ناوبراو بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی مستەفا ڕەحیمی، هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک بەو بنەماڵەیە خۆیان دەبوێرن.\"

سەرچاوەی کوردپا ئەوەشی خستەڕوو کە هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد و دروست لەمەڕ هۆکاری دەسبەسەرکرانی مستەفا ڕەحیمی، لەبەر دەستدا نییە.\"

لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی جۆزەردان، لاوێکی کورد بە ناوی \"حەمید بەلخکانلوو\"، تەمەن ٢٨ ساڵ، خەڵکی شاری ماکۆ، لە نزیک زانکۆی شاری ورمێ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ساڵی ٩٦دا، بە تۆمەتی \"چالاکیی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\"، لە درێژەدان بە خوێندن لە زانکۆی پەیامنوور، بێبەری کرابوو.

هەروەها، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٦ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"عادڵ سالم‌ فەرد\"، کوڕی سەنعان، خەڵکی شاری شنۆ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.