دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی مەهابادی درێژەی هەیە

13:06 - 16 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی چوارشەممە ١١ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "جەسیم مەجنوونی" خەڵکی گوندی "قەرەداغ" و دانیشتووی مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و  بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان، بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە.

هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی "جەسیم مەجنوونی" بێئاکام بووە و هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک بە بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە خۆیان دەبوێرن.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئەسعەد محەممەدنژاد" خەڵکی گەڕەکی "پشت تەپـ"ـی مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هەروەها ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١١ی پووشپەڕ، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سۆران نەسیری" خەڵکی "گۆگتەپە"، "سۆران موختاری فەر" خەڵکی گوندی "حاجی خۆش" و "ئومید عەباسی" خەڵکی گوندی "ئیندرقاش" سەر بە مەهاباد، لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ڕێبوار پادەست" کوڕی "ڕەسووڵ"، خەڵکی شاری "گۆگتەپە"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.