دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لەلایەن ئیتلاعاتەوە درێژەی هەیە

11:25 - 6 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: ‌هێزە ئیتلاعاتییەکان چوار هاووڵاتیی کوردیان لە شارەکانی سنە، مەریوان و دەماوەند دەسبەسەر کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ٢ی سەرماوەز، لاوێکی کورد بە ناوی "فاروق باغەبانی" کوڕی "میرزا" و خەڵکی گوندی "گەلێن" و دانیشتووی گرێزەی سنە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەی سنەیی بە ناوی "ساعد بەنەفشی" کوڕی "خالید"، حەوتووی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و چارەنووسی ناڕوونە.

لەو پەیوەندییەدا، چەند ڕۆژ پێش لاوێکی کورد بە ناوی "کازم شەریفی"، تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی گوندی "ساڵیان" سەر بە سنە، لە شاری "دەماوەند" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

ئەو لاوە کوردە پاش دەسبەسەرکردنی بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە و بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێئاکام ماوەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، هاووڵاتییەکی دیکەی کورد بە ناوی "پەیمان ئەسکەندەری"، خەڵکی گوندی "هەرسینـ"ـی مەریوان، لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارەدا، لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەر کردنی ئەم هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

وێنە: پەیمان ئەسکەندەری و فاروق باغەبانی

ساعد بەنەفشی و کازم شەریفی