دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە شاری بانە بەردەوامە
لە درێژەی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییان لە شاری بانە، ڕۆژی هەینی ٢١ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی دیکەی کورد بە ناوی "عەلی" خەڵکی گوندی "چۆمان" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش دەسبەسەرکردنی ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی خەڵکی گوندەکانی "نجنێ، چۆمان، کەوپێچ و نەمشیر"، دەسبەسەر کراوە.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەو هاووڵاتییە لە ترسی دەسبەسەرکردن ویستبووی خۆی دەربازی هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، ١٥ هاووڵاتیی کورد بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە شاری بانە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
هەواڵنێری کوردپا لە شاری بانە شوناسی ئەو ١٥ هاووڵاتییە کوردە دەسبەسەرکراوانەی بە ناوەکانی: "ڕەفیق، سەلاح، وەفا، کەریم، لوقمان، بێهزاد، ئەبووبەکر، فەرهاد، فەرزاد، ئەحمەد، ئەرسەلان و کامران پزیشکی، سەعید ڕەشیدی، عوسمان محەممەدپوور و جەماڵ مروەتی" ڕاگەیاندووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پەیوەندی لەگەڵ دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان بە هەواڵنێری کوردپا لە شاری بانەی ڕاگەیاندبوو: "هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ گرتن و ناساندنی هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو لە دڕۆن کەڵکیان وەرگرتووە. هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییانە، ئازار و ئەزیەتی بنەماڵەکانیان دابوو".