دەسبەسەرکردنی ٢٣ هاووڵاتی لە ماوەی دوو حەوتوو لە کوردستاندا

13:32 - 20 بانەمەڕ 2720

لە دوو حەوتووی ڕابردوو لە کوردستانی ئێران (لە ٦ی بانەمەڕ هەتا ١٨ی بانەمەڕ) ٢٣ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

زۆربەی دەسبەسەرکراوەکان بە شێوەی گرووپ و بەکۆمەڵ بووە، بەتایبەتی هاووڵاتییانی بانەیی و پیرانشاری.

لە ماوەی ڕۆژانی ٦و ٧ی بانەمەڕ، ٨ هاووڵاتیی بانەیی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

هەروەها لە ڕۆژانی ١٦ و ١٧ی بانەمەڕ، ٨ هاووڵاتیی لە پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

ڕێکەوتی ١٤ی بانەمەڕ، دوو هاووڵاتیی کورد لە ورمێ دەسبەسەر کراون.

هەروەها ڕێکەوتی ١٥ی بانەمەڕ، دوو هاووڵاتی لە سنە دەسبەسەر کران.

سێ هاووڵاتیی  دەسبەسەرکراوی دیکە لە شارەکانی کامیاران، سەوڵاوا و ورمێ ‌بوون.

زانیاریی زۆرتر لەسەر دەسبەسەرکراوەکان:

چارەنووسی تەواوی ئەو ٢٣هاووڵاتییە کوردە پاش دەسبەسەرکرانیان ناڕوونە.

شوێنی دەسبەسەرکردنی ١٣ کەس لە دەسبەسەرکراوەکان پاش دەسبەسەرکرانیان ناڕوونە.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە بانە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ٩ کەس، بەتایبەتی لە دەسبەسەرکراوەکانی ئەو شارە.

پاش پشکنینی ماڵی دەسبەسەرکراوێک، هەندێک کەرەستەی ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

هۆکاری دەسبەسەرکردنی زۆربەی دەسبەسەرکراوەکان "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" ڕاگەیەندراوە.