دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی دیکە لە مەهاباد

16:37 - 23 بەفرانبار 2720

ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبار، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ئیمان عەبدی" و "سۆران حوسێن‌زادە"، خەڵکی شاری "مەهاباد"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان، بە بێ بەڵگەی یاسایی "ئیمان عەبدیـ"ـیان لە دووکانی مۆبایلفرۆشییەکەی دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.

ئەو سەرچاوە ئەوەشی خستە ڕوو: هەروەها "سۆران حوسێن‌زادە" کە کاری شانۆ دەکات، بە بێ بەڵگەی ئاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەکانی ئەو دوو هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکانیان بێئاکام ماوەتەوە.

هەتا بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبار، هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە، ٥ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "سالار رەهەوی، دەریا تاڵبانی، شەپۆل خزری، ئەفشین مام‌ئەحمەدی و سیروان نووری" لە شاری مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.