دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتی کورد لە سنە

20:08 - 29 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر گوندێکی ناوچەی سنە و دوو هاووڵاتی کوردیان دەسبەسەر کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی بەفرانبار، هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردووە سەر گوندی \"نگڵ\" سەر بە شاری سنە و دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \"ئیدریس محەممەدی\" و \"ئاوات کەریمی\"یان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش هێرش بۆ سەر ماڵی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە، بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی ئەم دووهاووڵاتییەیان دەسبەسەر کردووە.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە ڕۆڵی سەرەکییان لە پاراستنی ژینگەی ناوچەی \"نگڵ\"دا هەبووە.

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لە بەر دەستدا نییه.