دەسبەسەرکردنی بەکۆمەڵی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن ئیتلاعاتەوە بەردەوامە

12:00 - 8 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: پاش کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە لە شارەکانی کوردستان، هێزە ئیتلاعاتییەکان شەپۆلێکی نوێیان لە دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد دەست پێکردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی سەرماوەز، هاوووڵاتییەکی کورد بە ناوی "بەختیار ڕەحیمی" خەڵکی مەریوان، لە شوێنی کارەکەی خۆی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو هاوووڵاتییە کوردە، بۆ ئاگاداربوون لە شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو بێئاکام ماوەتەوە.

"بەختیار ڕەحیمی" تووشی نەخۆشیی دڵ و گورچیلە بووە و لە هەنووکەدا لەژێرچاوەدێریی پزیشکیدایە و دەوا و دەرمان دەخوات.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە، ٥ی سەرماوەز، چالاکێکی ژینگەپارێزی بە ناوی "مەسعوود ئاریان" کوڕی "تۆفیق" و تەمەن ٢٧ ساڵ، لە شوێنی کارەکەی خۆی لە گەڕەکی بەهارانی مەریوان، بە هۆکاری نادیار لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی دووشەممە، ٤ی سەرماوەز، دوو لاوی کوردی خەڵکی سنە بە ناوەکانی "بێهنام وەکیلی" و "ئارمین فەلاحی"، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و لە هۆکاری گیران و شوێنی ڕاگرتنیان هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی سەرماوەز، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سەعید بابا کوردی" خەڵکی شاری "کوردکوی" پارێزگای گوڵستان، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە دەسبەسەرکراوانە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان، هەتا ئێستا بێئاکام ماوەتەوە.