دەسبەسەرکردنی بەربڵاوی چالاکانی سێنفیی مامۆستایان لە سەقز؛ ژمارەی مامۆستایانی دەسبەسەرکراو گەیشتە ١٣ کەس

12:04 - 26 جۆزەردان 2722

لە درێژەی دەسبەسەرکردنی بەربڵاوی ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان- سەقز و زیویە، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردان، "ئاوات ڕەزەوی و تاهیر حامیدی"، لە ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بەو پێیە بە تۆمارکردنی ناوی ئەو دوو مامۆستا دەسبەسەرکراوە، هەتا ئیستا ژمارەی مامۆستایانی دەسبەسەرکراو لە شاری سەقز گەیشتووەتە ١٣ کەس.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردان، "لوقمان ئەڵڵامورادی، ئەحمەدی قادری، کەیوان ئەحمەدی، خالید شێخی، ئەنوەر فەرەجزادە، سەلاح حوسێنی، خالید عەبدوڵڵاهی، محەممەد فەتاحی، سلێمان عەبدی، عەزیز مەرزی و سەلاح سوورخی"، لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - سەقز و زیویە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

ئیدارەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای سەقز، لە ڕێگای تەلەفۆنەوە هەڕەشەیان لە مامۆستایان کردووە کە لە بەشداریکردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان کە لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی جۆزەردان بەڕێوە دەچێت، خۆیان ببوێرن.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردان، "ئومید شامحەممەدی، عوسمان ڕەزایی، هیوا قورەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە"، لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - دیواندەرە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.