دەسبەسەرکرانی چەند چالاکێکی کرێکاری لە شاری سەقز

15:58 - 11 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە لیباس شەخسییەکانی حکوومەتی ئێران، چالاکێکی کرێکاری و چەند کەسێک لە بەشداربوونی کۆبوونەوەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاریان لە شاری سەقز دەسبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ سێشەممە ١١ی بانەمەڕ، لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، هێزە لیباس شەخسی و ئینتزامییەکان لە شاری سەقز پێشان لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی چالاکانی کرێکاری لەو شارە گرت.

\"مەحموود ساڵحی\" یەکێک لە چالاکانی کرێکاری شاری سەقز، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، لە فەیسیبووکی شەخسیی خۆیدا نووسیوویەتی: \"ئەمڕۆ سێشەممە هێزە لیباس شەخسییەکان، کاتژمێر ٧ی بەیانی، شوێنی کۆبوونەوەی کرێکارانیان لە \"چەمی وەڵی خان\" تێکدا و من \"مەحموود ساڵحی\" دەستم لەو ڕووداوەدا بریندار بوو\".

ناوبراو لە درێژەدا هەروەها نووسیوویەتی: \"هێزە لیباس شەخسییەکان چەند کەسێکیان دەستەسەر کرد و لە نێو دەسبەسەر کراواندا، \"عوسمان ئیسماعیلی\' چالاکی کرێکاری بەرچاو دەکەوێت\".

مەحموود ساڵحی هەروەها دەڵێت: \'هێزە لیباس شەخسیەکان چەند گوشی موبایلی بەشداربوونی ئەو کۆبوونەوەیەیان لەگەڵ خۆیان بردووە\".