دەسبەسەر کردنی ژن و منداڵی پەناخوازێکی کورد

14:41 - 16 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی حەراسەتی فڕۆکەخانەی شاری تەورێز، بنەماڵەی پەناخوازێکی کوردی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیان دەسبەسەر کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو ١٥ی ڕەشەممە، حەراسەتی فڕۆکەخانەی شاری تەورێز، سێ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی پەنابەرێکی کوردی خەڵکی شاری سەقزیان، لە کاتی سەردانی بنەماڵەکەیان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستوون.

شوناسی دوو کەس لەو سێ کەسە، کە لە لایەن حەراسەتی فڕۆکەخانەی تەورێز دەسبەسەر کرابوون، بە ناوەکانی \"محەممەد فاروقی\" تەمەن ١٣ ساڵ و \"ئاڵا فاروقی\" تەمەن ٥ ساڵ بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون بۆتەوە.

هەتا ئێستە شوناسی خێزانی بارزان فاروقی، پەنابەری کورد ناڕوونە و هیچ زانیارییەک لە مەڕ چارەنووسی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە لە بەردەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو سێ هاووڵاتییە لە شاری ئیستامبوول لە بەرەبەری نەورۆز و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکانیان گەڕاونەتەوە بۆ شاری سەقز و لە لایەن حەراسەتی فڕۆکەخانەی شاری تەورێز دەسبەسەر کراون.

ئەمنییەتی گیانیی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە لە مەترسیدایە و ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەو سێ کەسە بە شێوەی فەرمی و لە ڕێگای یاساییەوە گەڕاونەتەوە بۆ لای بنەماڵەکەیان.