دەسبەسەر کردنی ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی ئیسلامئاوای شاری ورمێ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە

14:17 - 5 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: پاش کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی هاووڵاتییانی شارۆچکەی ئیسلامئاوای شاری ورمێ، هێزە ئیتلاعاتییەکان ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی دانیشتووی ئەو شارۆچکەیانە دەسبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ١ی خەزەڵوەر، پاش ئازاردانی کچێکی کەم تەمەن لە لایەن دەرگاوانێکی تورکەوە، هاووڵاتییانی شارۆچکەی ئیسلامئاوا بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین هێرشیان کردە سەر قوتابخانەی کچانەی \"راە شهدا\" و ئاگریان تێبەردا.

هاووڵاتییانی دانیشتووی شارۆچکەی ئیسلامئاوای ورمێ، پاش بیستنی ئەو ڕووداوە قوتابخانەکە و ماڵی دەرگاوانە تورکەکە و تەنانەت بنکەیەکی بەسیجیان لەو پەیوەندییەدا ئاگر تێبەردا.

لەو پەیوەندییەدا، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ژمارەیەک لە هاووڵاتییان و ژمارەیەک هاووڵاتیی دانیشتووی شارۆچکەی ئیسلامئاوایان دەسبەسەر کردووە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری ورمێ، شوناسی ژمارەیەک لە دەسبەسەرکراوەکانی بۆ ئاژانسی کوردپا بەم چەشنە ڕاگەیاند:
ئەمیر تالب مەرنە، نادر نەوجەوان جەوهەنی، شەفیق نەوجەوان جەوهەنی، عوسمان خزری، ئیسماعیل نەجەفی، جوبرەئیل حاتەمی، ڕەسووڵ سوورمان و ئیسلام حاتەمی، نەوزاد کوڕی حەسەن، سەردار کوڕی سنار و سەفەر کوڕی ڕەشید.

بە وتەی ئەو سەرچاوە هێزە ئیتلاعاتییەکان، شەوانە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییانە و پاش پشکنینی ماڵەکانیان دەسبەسەریان کردوون.

پێشتر هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەو کچە ١٢ ساڵەیە کردووە، لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە و وتووێژ کردن لەگەڵ ڕاگەیەندەکاندا لەگەڵ هەڵسووکەوتی قەزایی بەڕەوڕوو دەبنەوە.

ئەو هاووڵاتییانە هەروەها، یەکێک لە کانسکەکانی مزگەوتیان ئاگر تێبەردا بوو. ئەمەش بووەتە هۆی دەسبەسەر کردنی زیاتر لە ١٥ هاووڵاتیی.

جێگری سیاسی ئەمنییەتی پارێزگای ورمێ، لە وتووێژ لەگەڵ ڕاگەیاندنەکاندا، هەر جۆرە ئازاردانی جنسی لە لایەن دەرگاوانە تورکەکەوە، بە هەڵسووکەوتێکی \"نەشیاو\" ناوبرد.