دەسبەسەر کردنی چالاکێکی کرێکاریی لە شاری سنە

19:42 - 9 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: چالاکێكی کرێکاریی لە شاری سنە، لە لایەن هێزە لیباس شەخسیەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعات دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٧ی ڕەزبەر، هێزە لیباس شەخسییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی \"فواد زەندی\" چالاکی کرێکاریی لە شاری سنە و دەسبەسەریان کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لیباس شەخسییەکان بە شکاندنی درگای ماڵی ناوبراو چوونەتە ناو ماڵەکەی و ئەم چالاکە کرێکارییەیان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.

تا کاتی دانانی ئەم هەواڵە، هیچ هەواڵێک لە بارودۆخی ئەم چالاکە لە بەردەستدا نییە.

هەروەها لە پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٤ی ڕەزبەر، \"موزەفەر ساڵح‌نیا\" ئەندامی هەیئەتی بەڕێوبەریی ئازادیی کرێکارانی ئێران، لە شوێنی کارەکەی خۆیدا لە شاری سنە، لە لایەن هێزە لیباس شەخسییەکان دەسبەسەر کراوە.

هاوسەری \"موزەفەرساڵح‌نیا\" بۆ بەدواداچوونی بارودۆخی هاوسەرەکەی سەردانی ستادی خەبەری ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەی کردبوو، بەڵام هێزەکانی ئیتلاعات پێیان وتبوو، تا ٥ ڕۆژی داهاتوو بۆ بەدواداچوونی بارودۆخی هاوسەرەکەی سەردانی ئەم ئیدارە نەکات.