دەسبەسەر کردنی هاووڵاتییەکی کورد لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پیرانشارەوە

14:47 - 28 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری پیرانشار، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی بەفرانبار، هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری پیرانشار، بە ناوی \"ئەمجەد یووسفی\" کوڕی حوسێن و پاش پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان دەسبەسەر کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ هیچ بەڵگەیەکی قەزایی هەوڵی پشکنینی ماڵ و دەسبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان داوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: هەتا ئێستە لە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە و هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک لە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە خۆ دەبوێرن.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە شوێنی ڕاگیران و تۆمەتی وەپاڵدراوی ئەو هاووڵاتییە کوردە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.