دەسبەسەر کردنی هاووڵاتییەکی بۆکانی بە تاوانی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان

13:50 - 4 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری بۆکان، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ئەو شارەیان دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواست.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری بۆکان لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە بە هۆی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە شاخەکانی ئەو شارە دەسبەسەر کردووە.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە ناوی \"بێهزاد سەلیم‌زادە\" کوڕی ئەنوەر خەڵکی شاری بۆکان ڕاگەیەندراوە.

دەوترێ، ئەو هاووڵاتییە کوردە لە لایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە بەرەبەری نەورۆز و بە هۆی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە شاخی \"بەردە زەرد\"ی ئەو شارە دەسبەسەر کراوه.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە بەردەستدا نیە و هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک بە بنەماڵەی ناوبراو خۆ دەبوێرن.

لە لایەکی دیکەوە، لە بەرەبەری نەورۆزدا، هێزە حکوومەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر گوندی \"نێ\"ی مەریوان و چەند هاووڵاتیییەکی خەڵکی ئەو گوندەیان دەسبەسەر کردووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەشەمە، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە لە بەرەبەری جێژنی نەورۆز، ٥ چالاکی مەدەنیی خەڵکی ئەو شارەیان بە ناوەکانی \"موحسێن مورادی، ئاریوان شاکری، مێهران محەممەدی، عێرفان ساعدپەنا و سالار کازمی\" بانگهێشت و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرا و پاش ئازاد کردنیان، چارەنووسی عێرفان ساعدپەنا خوێندکاری قۆناغی کارناسی باڵای بەشی زانستە سیاسییەکان هەتا ئێستا بە ناڕوونی ماوەتەوە.