دەسبەسەر کردنی هاووڵاتییانی شنۆیی بەردەوامە

14:35 - 8 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: سێ هاووڵاتیی دیکە کوردی خەڵکی شاری شنۆ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ٦ی ڕێبەندان، هێزە ئیتلاعاتییەکان هاوکات لەگەڵ دەسبەسەر کردنی ٧ هاووڵاتیی کورد، لە گوندی \"نەرزیوێ\" سەر بە شاری شنۆ، سێ هاووڵاتیی دیکە کورد، بە ناوەکانی\"محەممەدئەمین فەزڵی\" خەڵکی گوندی \"بێمزوڕتێ\"، \"محەممەد مەحموودتاش\" و \"حامید زەریفی\" خەڵکی گوندی \"خورشت\"یان دەسبەسەر کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر کراون.

ڕۆژی هەینی ٦ی ڕێبەندان، هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردە سەر گوندی \"نەرزیوێ\" سەر بە شاری شنۆ و ٧ هاووڵاتیی خەڵکی ئەو گوندەیان بە ناوەکانی \"فەتاح عەلی کورد، مامەند عەلی کورد، عومەر، کەماڵ، جەماڵ، عوسمان، و ئەبووبەکر نەوبەخت\" دەسبەسەر کردووە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش ئەوەی گەمارۆی گوندی \"نەرزیوێ\"یان دا، بەبێ بەڵگەی یاسایی هەڵیان کوتا سەر ماڵی ئەو ٧ هاووڵاتییە کوردە و هەوڵی دەسبەسەر کردنی ئەوانیان دا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەو ٧ هاوووڵاتییە کوردە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە و بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو ٧ هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر کردووە.