دەسبەسەر کردنی ٩ هاووڵاتیی لە شاری کرماشان

13:25 - 12 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: لە کاتی بەڕێوەچوونی خۆپیشانەدانەکانی شارەکانی ئێران و کوردستان، ٩ هاووڵاتیی خەڵکی شاری کرماشان دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند رۆژی ڕابردوو‌دا، ٩ هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان بە تۆمەتی بەشداری کردنی لە خۆپیشاندانەکانی شاری کرماشان لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر کران.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری کرماشان، شوناسی ئەو ٩ هاووڵاتییە بە ناوەکانی وەلی ئەمیری، عەبدولجەبار خالیدی، فەرامەرز ئومیدی، یاسر حەبیبی، شەمسەدین کاکەئیی، حەمزە راهنما،ئازاد تەقی‌زادە، غولام عەلی مەسوور و نادرباباخانی ڕاگەیاندووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان، ئەو لاوە کوردەیان بە تۆمەتی بەشداریی لە خۆپیشاندانەکان دەسبەسەر کردووە و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ئەوە لاوە کوردە هەر لە گرتووخانە هێزەکانی ئیتلاعات دایە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، زیاتر لە ١٠ کەس لە شاری ورمێ دەسبەسەر کراون، کە شوناسی سێ کەس لە دەسبەسەرکراوەکانی ئەو شارە کە بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون بووتەوە بریتییە لە: \"شەهلا وەحدت پوور\"، \"قادر داڵان\" و \"ئیرەج حەمیدی\".

هەروەها ڕۆژی ڕابردوو، ئاژانسی کوردپا شوناسی ١٠ لە دەسبەسەرکراوەکانی شاری مەلەکشاییی پارێزگای ئیلامی بڵاو کردبووە.