دەسبەسەر کردنی لاوێکی کورد پاش بانگهێشتی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ

15:15 - 17 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا : لاوێکی کورد خەڵکی ناوچەی مەرگەوەڕ، پاش بانگهێشت کرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لاوێکی کورد بە ناوی \"مەجید تیباش\" کوڕی خالید خەڵکی گوندی \"دزێ\"ی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، پاش بانگهێشت کردنی بۆ ستادی خەبەری ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ دەسبەسەر کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە هەواڵنێری کوردپا لە شاری ورمێ ڕایگەیاند: ئەم لاوە کوردە سەرەتای مانگی بەرفرانباری ئەمساڵ، بە تۆمەتی \"پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" بۆ ستادی خەبەری ئیداری ئیتلاعاتی شاری ورمێ بانگهێشت کراوە.

لەو پەیوەندییەدا، ساڵی ٩١ی هەتاوی، ئەم لاوە کوردە لە سەر بڕیاری حیراسەتی زانکۆی عیلمی_کاربوردی شاری ورمێ بە هۆی ئەوەیکە لەسەر لەب‌تابەکەی وێنەی ئاڵای کوردستانی دانابوو و هەروەها ئەو وێنەیە لە کۆنفرانسێکی زانستیدا لە سەر پرۆژکتور پێشاندا بوو، لە درێژەدان بە خوێندن بێبەری کرا.

هەروەها ساڵی ٩٢ی هەتاوی، ئەم هاووڵاتییە کوردە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ماوەیەک لە گرتنگە ئازاد کرا.