دەسبەسەر کردنی سێ چالاکی ژینگەپارێزی و هاووڵاتییەک لە شاری سنە

20:10 - 1 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی دەسبەسەر کردنی هاووڵاتییان و چالاکانی ژینگەپارێزی لە لایەن هێزە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانەوە، هاووڵاتییەک و سێ چالاکی ژینگەپارێزی کوردی خەڵکی شاری سنە دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممەی حەوتووی ڕابردوو، دوو چالاکی ژینگەپارێزی کورد خەڵکی شاری سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی لەو شارە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

شوناسی ئەو دوو چالاکە ژینگەپارێزییە، کە هەردووکیان برا بوون بە ناوەکانی \"زانیار و شەوگەردگەلابی\"، ڕاگەیەندراوە.

سەرەرای نزیکەی یەک حەوتوو بە سەر دەسبەسەرکردنی زانیار و شەوگەرد، هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە شوێنی ڕاگیرانیان و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانیان، لە بەردەستدا نییە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ٣٠ ڕەزبەر، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری سنە، چالاکێکی دیکەی ژینگەپارێزییان بە ناوی \"وریا خوسرەوی\" دەسبەسەر کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە بێ‌بەڵگەی یاسایی هێڕشیان بردووەتە سەر ماڵی ئەو چالاکە ژینگەپارێزییە و پاش دەسبەسەرکرانی ناوبراو، بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگواستووەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، چارەنووسی ئەو چالاکە ژینگەپارێزییە بە ناڕوونی ماوەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، دوو شەو پێش، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری سنە لە گەڕەکی \"حەسەن‌ئاوا\"ی ئەو شارە بە ناوی \"بوورهان\" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکان دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە خەڵکی گوندی \"تەختە\"یە و دانیشتووی شاری سنەیە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئەمنییەتییەکان، پاش هێرش کردنە سەر ماڵی ناوبراو دەستیان بە ئازار و ئەشکەنجەی بوورهان کردووە و هەروەها دەستیان بە سەر هێندێک کەلوپەڵی ئەو هاووڵاتییە کوردەدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.