دەسبەسەر کردن و گوشار خستنە سەر خوێندکاران لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بەردەوامە

14:00 - 17 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی دەسبەسەر کردن و گوشارهێنان بۆ خوێندکارانی کورد و ئێران، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکان، لە شاری ڕەشت خوێندکارێکی کوردیان دەسبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی بەفرانبار، خوێندکارێکی کورد لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە شاری ڕەشت لە باکووری ئێران دەسبەسەر کرا.

شوناسی ئەو خوێندکارە کوردە، بە ناوی \"سالار موبارەکی\" تەمەن ٢٤ ساڵ خوێندکاری بەشی ژمێریاریی لە زانکۆی شاری ڕەشتە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو خوێندکارە کوردە، خەڵکی شاری \"دێولان\" لە پارێزگای سنەیە و لە ماوەی دەسپێکی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران و کوردستان، ئەمە دووهەمین جارە ئەو خوێندکارە کوردە دەسبەسەر دەکرێت.

لە لایەکی دیکەوە، مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات، هەوڵی دەسبەسەر کردنی خوێندکارێکی دیکە لە شاری خۆی بە ناوی \"ئایدین موحسێن‌نژاد\" دەدەن، بەڵام لە هەوڵەکانیان بۆ دەسبەسەر کردنی ناوبراو سەرکەوتوو نەبوون.

ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا باس لەوە دەکات، کە مەئموورانی ئیتلاعات پاش هێرش کردنە سەر ماڵی باوکی ئەو خوێندکارە، باوکی ناوبراو دەسبەسەر دەکەن و هەتا کاتی خۆڕادەست کردنی ئایدین بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری خۆی ڕایدەگرن.

ڕاپۆرتەکە لە درێژەدا دەڵێت: ئەو خوێندکارە خەڵکی شاری خۆیە و خوێندکاری زانکۆی هونەر لە شاری تەورێزە و بەڕێوەبەری بڵاوڤۆکی خوێندکاریی کۆمەڵگایە.

هەر لەو بارەوە باس لەوە دەکرێت، کە هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری خۆی، کەسێک کە گووشی بە دەستەوە بێت، دەستی بەسەردا دەگرن و خاوەن گووشییەکەش دەخەنە ژێر گوشار و لێپرسینەوە.

لەو پەیوەندییەدا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، لە کاتی دەسپێکردنی خۆپێشاندانەکانی ئێران و کوردستان، ژمارەیەک لە خوێندکاران، لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە، بە تۆمەتی بەشداریی لە خۆپێشاندان و هاندانی خەڵکی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین و هاتنە سەر شەقامەکان، دەسبەسەر کراون.

ئاژانسی کوردپا ناوی ئەو خوێندکارە کوردانەی کە لە لایەن هێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون، لە ڕۆژانی پێشتردا بڵاوی کردەوە.

وێنه: سالار موبارەکی و ئایدین موحسێن‌نژاد