دەسبه‌سەرکردنی چالاکێکی ژینگە‌پارێزی لە کامیاران

13:43 - 24 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کامیاران هەڵیانکوتایە سەر ماڵی چالاکێکی ژینگەپارێزی و ناوبراویان دەسبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی ڕێبەندان، چالاکێکی ژینگەپارێزی، خەڵکی شاری کامیاران، بە ناوی \"سیروان قوربانی\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەم چالاکه و دوای پشکنینی ماڵەکەی ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتی: هێزە ئیتلاعاتییەکان هەروەها دەستیان بەسەر موبایلی سەمیرا قوربانی، خۆشکی ئەم چالاکە کوردەیان گرتووە و پێیان ڕاگەیاندووە، کە دەبێت لە ڕۆژەکانی داهاتوودا خۆی بە ستادی خەبەری ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیاران بناسێنێت.

لە ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی بەفرانبارەوە هەتا ئێستا، ١٠ کەس لە چالاکانی ژینگەپارێزی و مەدەنیی لە شارەکانی کامیاران و سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون و هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەم چالاکانەدا، ئازار و ئەشکەنجەی ئەو چالاکانەیان داوە.

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بەفرانبار، حوسێن خۆش‌ئیقباڵ، جێگری سیاسی، ئەمنیەتی و ئینتزامیی پارێزگاری سنە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتی \"ئیرنا\"، چالاکانی ژینگەپارێزی کوردی بە \"تێرۆریست\" تۆمەتبار کرد.